ژیاننامەی ع. ع. شەونم
ژیاننامەی مامۆستای کۆچکردوو عەلی عەبدوڵا سۆفی (ع. ع. شەونم)
کورتەیەک لە ژیاننامە
خۆی ناوی عەلی عەبدوڵای سۆفی موحەمەدە. لە پێش هەموو شتێکدا بە شاعیر ناسراوە ئینجا بە شاعیری مناڵ، هەروەها لە ئاواز دانان و وێنە کێشانی و شانۆدا دەستی هەبوە. لە ساڵی ١٩٢٥ دا لە شاری هەڵەبجە لە گەڕەکی پاشا لە خێزانێکی مامناوەندی لە داراییدا و باڵا لە ڕۆشنبیریدا هاتۆتە دنیاوە. لە ١٠-١٠-٢٠٢٠ دا کۆچی یەکجارەکی کردوە.
لە ساڵی ٢٠٢١ دا دیوانی بڵاو بۆتەوە و لەئێستادا لە سولەیمانی و هەولێر لەم شوێنانە دەست ئەکەوێت
باوکی ناوی عەبدوڵای سۆفی موحەمەد بوە، ئەو پیاوەی کە خۆی خۆی فێری نوسین و خوێندنەوە کردوە و بە هۆی ئەوەشەوە توانیویەتی وەک کارمەند لە دادگا دامەزرێت بە پلەی (موباشیری مەحکەمە). لە ساڵی ١٨٩٦ دا لەدایک بوە و لە ١٩٥٦ دا کۆچی دوایی کردوە.
دایکی ناوی فاتمەی حاجی حسەین ی فەقێ مەحمودی هەمەوەنی بوە، ژنی ماڵ بوە، بەڵام زۆر ڕۆشنبیر بووە.
برایەک و چوار خوشکی هەبوە بە ناوی (ساڵح و شەمسە و گوڵعوزار و گێسیا و قومری) ەوە.
ساڵح خۆی و ژنەکەی و تاقە کوڕەکەیان لە ساڵی ١٩٨٨ دا لە کیمیابارانەکەی هەڵەبجەدا بە خاوو خێزانەوە شەهید بوون.شەمسە ساڵی 2019 کۆچی دوایی کرد، گوڵعوزار ساڵی ٢٠١٨، قومری ساڵی ٢٠٢١.
مامۆستا ع.ع.شەونم ساڵی ١٩٥٧ ژیانی هاوسەرگیری لەگەڵ مامۆستا زوهرەی برایم بەگی فەتاح بەگی باباندا پێک هێناوە و بوون بە خاوەنی حەوت مناڵ بە ناوی (پەیام و پەیبەر و پەیجۆر و پاکۆ و باوان و بەریان و پاراو)ەوە. زوهرە خان ساڵی ١٩٣٧ لەدایک بوە، ساڵی ١٩٥٧ بوە بە مامۆستای سەرەتایی و ساڵی ١٩٩٠ خۆی خانەنشین کردوە و ساڵی ٢٠٠٧ کۆچی دوایی کردوە.
مامۆستا هەر لە تەمەنی پێنج شەش ساڵانەوە دراوەتە بەر خوێندنی حوجرە لە مزگەوتی پاشا لای مامۆستا شێخ موحەمەدی شەشکی و دواتریش لای مامۆستا سەی ئەمین (کە مامۆستایەکی زۆر زانا بوە). لە تەمەنی هەشت ساڵیدا بە زۆری خۆی ئەچێت بۆ قوتابخانەو خۆی داخڵ ئەکات.
هەموو ساڵەکانی سەرەتایی بە یەکەمی قوتابخانەکەی بڕیوە و لە پۆلی شەشی بەکەلۆری سەرەتاییشدا یەکەمی هەموو لیوای سولەیمانی ئەبێت (واتە یەکەمی پارێزگای سولەیمانی) .
دوای خوێندنی سەرەتایی ئەچێتە دار موعەلیمینی ڕیفی لە بەغداد و لە پاش پێنج ساڵ ئەبێتە مامۆستای سەرەتایی.
لە قوتابخانەی بیارە و هەڵەبجە و موبڕە و شامیە و غەمماس و سەیسایەق و بەغداد و سولەیمانیدا مامۆستایی کردوە. لە ساڵی ١٩٧٢ دا کراوە بە سەرپەرشتیاری ئەدەب و ڕۆشنبیری پەروەردە لە چالاکی قوتابخانەکان. لە ساڵی ١٩٨٠ دا لەسەر داوای خۆی خانە نشین ئەبێت. هۆکاری داواکردنی بۆ خانە نشین بوون بۆ ئەوە ئەگەڕێتەوە کە سەدام لە ساڵی ١٩٨٠ دا شەڕی ئێران و عێراقی هەڵگیرساند، داوای بەرهەمیان لە مامۆستا ئەکرد بۆ خزمەتی شەڕەکە (کە ناوی نابوو قادسیەی دووەم)، مامۆستایش بۆ ئەوەی خزمەتی ڕژێمی بەعس و سەدام نەکات ، هات خۆی خانەنشین کرد.
مامۆستا لە حەوت قۆناغدا حەوت بەرهەمی پێشکەش کردوە کە وەرگێرانی گەورەی کردوە لە مێژووی کوردا ، ئەوانەش:
یەکەم: لە تەمەنی سی ساڵیدا واتە لە ساڵی ١٩٥٥ دا چەن گۆرانیەکی دڵداری دانا کە لەوانە تەنها دوانیان بە دەنگی کاک عومەر ڕەزا بڵاو بونەتەوە ئەوانیش (هاتم هاتم و پەڵپوبیانوم پێ مەگرە) یە بەڵام چەن گۆرانی تر هەر وا لەسەر شریتی بەکرە تۆمار کراون و تا ئەمڕۆ بڵاو نەکراونەتەوە ئەوانەش (ئاوازێ توخوا کاکەی شمشاڵ ژەن ، خواحافیز ناتناسم ، ئاواتم تۆی هیوام هەر تۆی ، ئەی ئەمە تۆی ڕۆژباش). ئەم ئاوازانە شۆڕشێکی تازەگەریان بەرپاکرد لە بواری ئاواز داناندا چونکە ئاوازەکان تازە بون و زۆر بەسۆز و کاریگەر بون لەسەر هەست و هۆش، لەوەوپێش هیچ هونەرمەندێک ئەو کارەی نەکردبوو، بۆیە ئەوە بوو بە ڕێچکەیەک بۆ دانانی ئاوازی تازە لەسەر بناغەی ڕەسەنی کوردی. دوای ئەوە ئیتر هونەرماندان دەستیان کرد بە دانانی ئاوازی تازە، ، کەواتە ئەو لەو بوارەدا هەنگاوی سەرەتای ناوە و پێشەنگ بوە.
دووەم: هەر لەو ساڵە دا ولەشاری هەڵەبجەدا شانۆگەری بازرگانی ڤینیسیا ی پێشکەش کرد لەوەرگێڕانی خۆی و بەدەستە ڕەنگینەکانی لە تەختە شانۆیەکی دروست کرد وەکو ئەو شانۆیەی لە وەختی خۆیدا لە دار موعەلیمین دیبوی، بە هەمان شێوە پەردەی بۆ کرد لە بە پەت و بەکرە بکرێتەوە و داخرێ. هەروەها ئەرکی دیکۆر کێشان و جل دورین و ئارایش و دەرهێنانی لە ئەستۆ گرت.
سێیەم: ساڵی ١٩٦٢ سروودە بەناوبانگەکەی نەورۆزی دانا (بە شیعرو ئاوازەوە) ئەو سرودەی کە ئەڵێ:
جەژنە جەژنی کوردستانە جەژنی نەورۆزە
بە تیشکی ئاگـــــــــــر ئەنوسم جــــــــــــەژنە پیـــــــــــرۆزە
چوارەم: ساڵی ١٩٦٦ نامیلکەی جریوەی بڵاو کردەوە کە شیعری تیادایە بۆ مناڵ. ئەو شیعرانە بوون بە هەوێن بۆ دانانی شیعری نوێ بۆ مناڵ چونکە بابەتەکانی زۆر سادە و ساکار بون بەڵام بە فیکر و مانا هەتا بڵێی قووڵ بوون.
پێنجەم: لە ساڵی ١٩٧٦ دا ئۆپەرێتی کەژاوەی مێژووی دانا بۆ چالاکی قوتابخانەکان، ئەو ئۆپەرێتە لە نیو سەعاتدا هەموو مێژووی کورد و سەکەوتنەکانی و دەردەکانی و چارەسەرەکانی و ئاواتەکانی ئەخاتە ڕوو، ئەم ئۆپەرێتە بناغەیە بۆ ئامادە کردنی میللەت بۆ بینا کردنی دەوڵەت.
ئەم ئۆپەرێتە لە ساڵی ١٩٧٦ دا پێشکەش کرا، پلەی یەکەمی وەرگرت لەناو هەموو پارێزگاکانی عێراقدا.
شەشەم: لەسەر تەلەفزیۆنی تەئمیم لە کەرکوک چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کرا، لەو چاوپێکەوتنەدا شیعرە بەناوبانگە کاریگەرەکەی (نامەیەکی کۆتایی نەهاتوو بۆ حەزرەتی نالی)ی خوێندەوە کە تیایدا بۆمبا بەڕوی بەعسی داگیرکەردا ئەتەقێنێ.
حەوتەم: بەرهەمێکی سەمەرە و سەرسوڕهێنەری بڵاو کردەوە ئەویش (فەرهەنگی کوردواتەنی) بوو لەم فەرهەنگەدا 500,27 دەستەواژەی کوردواتەنی ڕیز کراوەو مانای لێکدراوەتەوە و نمونەی بۆ هێنراوەتەوە لە ڕستەدا. ئەم کارە بە گەورەترین فەرهەنگی کورواتەنی ئەژمار ئەکرێت لە جیهاندا.